08/09/2026
ژیری دەستکرد نزیک دەبێتەوە لە شیکاری هاوکێشەکانی داینامیکی شلگازەکان Fluids
ئەمشەو باس و خواسێکی زۆر لەسەر کاری مۆدێلێکی ژیریی دەستکرد دروست بوو بەوەی یەکێک لە گەورەترین گرێکوێرەکانی بیرکاری چارەسەر کردووە.
کۆمپانیای OpenAI ڕایگەیاند کە مۆدێلێکی نوێ و بڵاونەکراوەیان توانیویەتی کێشەی بیرکاریی (Navier–Stokes) چارەسەر بکات. ئەمە یەکێکە لە "حەوت کێشە گەورەکەی هەزارە"یە (Millennium Prize Problems) کە چەندین ساڵە زانایانی بیرکاری سەرقاڵ کردووە و باس لە چۆنیەتیی جووڵەی شلە و گازەکان (وەک ئاو و با) دەکات لە سروشتدا.
ئەم کارە چۆن ئەنجام درا؟
کۆمپانیاکە سیستمێکی بەکارهێناوە کە لە نزیکەی ١٠،٠٠٠ بریکاری ژیریی دەستکرد (AI Agents) پێکهاتبوو و بە هاوئاهەنگی پێکەوە کاریان لەسەر بەشە جیاوازەکانی کێشەکە دەکرد.
پڕۆسەکە ٨٨ کاتژمێری خایاندووە و تێچووەکەی ملیۆنان دۆلار بووە لە بەکارهێنانی هێزی کۆمپیوتەریدا. بۆ دڵنیابوون لە دروستیی وەڵامەکەش، بەڵگەی سەلماندنەکە بە زمانی بەرنامەسازیی بیرکاری (Lean) پشتڕاست کراوەتەوە.
دەستبەجێ دوای ڕاگەیاندنەکە، کێشەیەکی گەورە سەری هەڵدا؛ دوو زانا (تریستان باکماستەر لە زانکۆی NYU و لیڤێنت ئالپۆگ لە کۆمپانیای ڕکابەری Anthropic) تەنها چەند کاتژمێرێک پێش OpenAI بە هاوکاریی AI توێژینەوەیەکی هاوشێوەیان بڵاوکردبووەوە و خەریک بوو کێشەکە یەکلا بکەنەوە. باکماستەر کۆمپانیای OpenAIـی تۆمەتبار کرد بەوەی "یارییەکی ناپاکانەی کردووە"، بەوەی کە گوایە چاودێریی کارەکانی ئەوانی کردووە و لە ڕێگەی دەنگۆ و داتای کارەکانی ئەوان لەناو سیستەمی OpenAIـدا، مۆدێلەکەی ڕاهێناوە تا بە پەلە پێشیان بداتەوە. لە بەرامبەردا، OpenAI دزینی بیرۆکەکەی ڕەتکردەوە بەڵام دانی بەوەدا نا کە پاش بیستنی دەنگۆی نزیکبوونەوەی ئەو دوو زانایە لە چارەسەر، بە خێرایی ئەم پڕۆژەیەی دەست پێ کردووە، تەنانەت دانی بەوەشدا نا کە "ناتوانن ئەوە بە تەواوی ڕەت بکەنەوە کە بەکارهێنانی سیستمەکانیان لەلایەن ئەو توێژەرانەوە یارمەتیی باشتکردنی مۆدێلەکەی ئەوانی دابێت"!
گرنگیی ئەم دۆزینەوەیە و پێشچوونی ژیریی دەستکرد چییە؟
- لە ڕووی زانستی و کردارییەوە: ئەم هاوکێشانە بنەمای تێگەیشتنن لە فیزیا؛ چارەسەرکردنیان دەرگایەکی گەورە دەکاتەوە بۆ پێشبینیکردنی زۆر وردی کەشوهەوا، دیزاینکردنی فڕۆکە و کەشتیی زۆر پێشکەوتوو، و تەنانەت تێگەیشتن لە چۆنیەتیی ڕۆیشتنی خوێن لە دەمارەکانی جەستەی مرۆڤدا.
- لە ڕووی گەشەی ژیریی دەستکردەوە: ئەمە بازدانێکی بێوێنەیە؛ دەیسەلمێنێت کە ژیریی دەستکرد لە تەنها "وەڵامدانەوەی پرسیار و دەقنووسین" تێپەڕیوە و پێی ناوەتە قۆناغی "دۆزینەوەی زانستیی سەربەخۆ". ئەنجامدانی ئەم کارە بە هەزاران بریکاری ژیر ئەوە پیشان دەدات کە AI دەتوانێت ئەو گرێکوێرە زانستییانەی مرۆڤ سەدان ساڵە پێیانەوە ماندووە، تەنها لە چەند ڕۆژێکدا چارەسەر بکات.
بەسوپاسەوە وەرگیراوە