Dr. Dlzar Al Kez - د. دڵزار محمد مەجید

Dr. Dlzar Al Kez - د. دڵزار محمد مەجید Contact information, map and directions, contact form, opening hours, services, ratings, photos, videos and announcements from Dr. Dlzar Al Kez - د. دڵزار محمد مەجید, Engineering service, Manchester.

ڕاوێژکار و توێژەری سیستەمی کارەبا لە بەریتانیا. پسپۆڕ لە جێگیربوونی تۆڕەکانی کارەبا (Stability)، یەکخستنی سەرچاوە نوێیەکانی وزە (IBRs/BESS) و مۆدێلسازی EMT/RMS، شیکارکەری ئاڵنگارییەکانی مۆدێرنکردنی تۆڕی کارەبای عێراق و هەرێمی کوردستان.

پڕۆژەی ڕووناکی خاڵی وەرچەرخان لە پلاندانانی سیستەمی کارەبای کوردستانداپڕۆژەی ڕووناکی تەنها هەوڵێک نییە بۆ دابینکردنی کار...
30/08/2026

پڕۆژەی ڕووناکی خاڵی وەرچەرخان لە پلاندانانی سیستەمی کارەبای کوردستاندا

پڕۆژەی ڕووناکی تەنها هەوڵێک نییە بۆ دابینکردنی کارەبای بەردەوام، بەڵکو دەتوانێت تێڕوانین و پلاندانان بۆ خواست لەسەر کارەبا لە هەرێمی کوردستاندا بگۆڕێت.

بە درێژایی دەیان ساڵ، تۆڕی کارەبای کوردستان بەهۆی نەبوونی دابینکردنی بەردەوام لە دۆخێکی نائاساییدا بوو؛ بەجۆرێک کە بەشێکی زۆری خواست لەسەر کارەبا لە ڕێگەی تۆڕی نیشتمانییەوە دەرنەدەکەوت و بەسەر مۆلیدە تایبەتەکاندا دابەش دەبوو. ئێستا بە جێبەجێکردنی ئەم پڕۆژەیە، پەردە لەسەر خواستی ڕاستەقینە لادەبرێت و وێنەیەکی جیاواز بۆ ئەندازیاران و پلانداڕێژەران دەردەکەوێت.

پێشتر هێڵکاریی باری کارەبا لە کوردستان تەنیا ڕەنگدانەوەی ئاستی وەرگرتنی کارەبای نیشتمانی بوو، نەک ئاستی ڕاستەقینەی پێویستیی هاووڵاتییان. بەڵام لەگەڵ گەیشتنی کارەبای ٢٤ کاتژمێری بە بەشێکی زۆری هەرێمی کوردستان و وەستاندنی هەزاران مۆلیدەی گەڕەکەکان، ئێستا بەشێکی زۆرتر لە خواستی ڕاستەقینەی کارەبا بەردەوام لەسەر تۆڕی گشتی دەردەکەوێت.

ئەمە پرسیارێکی گرنگ بۆ ئێمەی ئەندازیارانی کارەبا دروست دەکات: ئایا ئەو هێڵکارییانەی تا ئێستا بەکارمان هێناون، هێشتا بۆ پلاندانانی قۆناغی داهاتووی سیستەمی کارەبای کوردستان گونجاون؟

وەڵامی ئەم پرسیارە زۆر گرنگە. ئەگەر سروشت، کات و شوێنی خواست گۆڕابێت، پلاندانان بە پشتبەستن بە داتا کۆنەکانی لووتکەی مێگاوات دەبێتە هۆی ئەوەی وەبەرهێنان لە شوێنی نادروست یان بۆ دۆخی کارکردنی نادروست بکرێت. ئەگەر بەبێ لەبەرچاوگرتنی داتای نوێ وەبەرهێنان بکرێت، ئەوا ئەگەری هەیە:
- هێڵەکانی گواستنەوە لە ناوچەیەک کە پێشتر کەم‌بار بوو، ئێستا بەرەو سنووری توانای گواستنەوە بچن.
- وێستگەیەکی دابەشکردن (سەبستەیشن) کە پێشتر خاڵێکی هەستیار نەبوو، لەوانەیە لە دۆخی نوێدا بەرگەی باری زیادە نەگرێت.
- کات و شوێنی بەهێزکردنی تۆڕ، هەروەها بەهای سیستەمی وزەی خۆر و پاتری، بەپێی شێوازی نوێی خواست بگۆڕێن.

بۆیە هەنگاوی داهاتوو دەبێت ئامادەکردنی بنەمایەکی نوێی داتایی بۆ خواستی دوای ڕووناکی بێت. ئەم بنەمایە دەبێت بە داتای پێوانەکراو، وەڵامی ئەم پرسیارانە بداتەوە:
۱. هێڵکاریی باری ٢٤ کاتژمێری چۆن گۆڕاوە؟
۲. کاتژمێرە هەستیارەکانی هاوین و زستان ئێستا کەیین؟
۳. کام ناوچە، وێستگەی دابەشکردن و فیدەر زۆرترین گۆڕانکارییان بەخۆوە بینیوە؟
٤. وزەی خۆر لە ڕۆژدا چۆن خواستی ڕاستەقینەی سەر تۆڕ دەگۆڕێت؟
٥. لە کوێدا زیادکردنی بەرهەمهێنان یان بەهێزکردنی تۆڕ زۆرترین پێویستیی هەیە؟

ئەم شیکردنەوەیە دەتوانێت ڕاستەوخۆ ببێتە بنەمای بڕیاردان بۆ پلاندانانی بەرهەمهێنان، تۆڕی گواستنەوە، وێستگەکانی دابەشکردن، توانای یەدەگ، وزەی خۆر و هەڵگرتنی وزە بە پاتری.

کەواتە ڕووناکی تەنیا پڕۆژەیەکی دابینکردنی کارەبای بەردەوام نییە، بەڵکو دەرفەتێکیشە بۆ ئەوەی بە داتای ڕاستەقینە، وێنەیەکی نوێ لە خواستی کارەبای کوردستان دروست بکرێت. پێش ئەوەی بڕیار بدەین مێگاواتە نوێیەکان یان وەبەرهێنانی تۆڕ لە کوێ پێویستن، دەبێت بزانین بارە نوێیەکان کەی، لە کوێ و بە چ شێوەیەک دروست دەبن.
ئەگەر ئەم داتایانە بە دروستی شیکرێنەوە، دەتوانن ببنە یەکێک لە گرنگترین بنەماکانی بڕیاردان بۆ پلاندانانی دە ساڵی داهاتووی سیستەمی کارەبای کوردستان.

25/08/2026

تێکچوونی ڤۆڵتیە چیتر هەمیشە لە شوێنی ڕووداوەکەدا بە سنوورداری نامێنێتەوە

لە تۆڕە کارەباییە مۆدێرنەکاندا کە ڕێژەی وزەی خۆر و سەرچاوە ئینڤێرتەرییەکان بەردەوام ڕوو لە زیادبوونە، تێگەیشتنمان بۆ کاریگەریی ڕووداوەکانی تۆڕ پێویستی بە گۆڕانکارییە. ڕووداوێک دەتوانێت لە یەک شوێنەوە دەست پێ بکات بەڵام لە ماوەیەکی زۆر کورتدا کاریگەرییەکەی بگاتە بەشێکی فراوانتری تۆڕ بەتایبەتی لەو ناوچانەی کە لاوازن.

ئەم ئەنیمەیشنەی خوارەوە بەشێکە لە شیکردنەوەیەکی سەقامگیریی دینامیکیی سیستەمی کارەبا کە لە چوارچێوەی پڕۆژەیەکی پیشەسازی لە بەریتانیا ئەنجامم داوە. مۆدێلەکە بڕێکی بەرچاو لە بەرهەمهێنانی وزەی خۆری لەخۆ دەگرێت.

سەیری زنجیرەی ڕووداوەکان بکەن:
- لە سەرەتادا تۆڕەکە لە دۆخێکی ئاسایی و سەقامگیردایە
- فۆڵتێک لە یەک شوێنی تۆڕەکەدا ڕوودەدات
- لە ماوەیەکی زۆر کورتدا دابەزینی ڤۆڵتیە تەنها لە دەوروبەری شوێنی فۆڵتەکە نامێنێتەوە بەڵکو کاریگەرییەکەی بۆ بەشێکی زۆر فراوانتر بڵاو دەبێتەوە
- دوای لابردنی فۆڵتەکە لەلایەن سیستەمی پاراستنەوە و وەڵامدانەوەی کۆنترۆڵەکان ڤۆڵتیە دەست بە گەڕانەوە دەکات و تۆڕەکە دووبارە بەرەو دۆخی سەقامگیر دەچێت.

ئەوەی لێرەدا گرنگە تەنها ئەوە نییە کە فۆڵتەکە لە کوێ سیستەمەکە ڕوویداوە بەڵکو ئەوەیە کاریگەرییەکەی چۆن و تا کوێ بڵاو دەبێتەوە.

لە شیکردنەوەی دینامیکیدا پێویستە ئەم پرسیارانە وەڵام بدرێنەوە:
- کاریگەریی ڕووداوەکە تا چەند دوور بڵاو دەبێتەوە؟
- دابەزینی ڤۆڵتیە لە بەشە جیاوازەکانی تۆڕدا تا چەند قووڵە؟
- ئایا یەکەکانی بەرهەمهێنان خۆڕاگر دەبن وبە تۆڕەوە دەمێننەوە؟
- دوای لابردنی فۆڵتەکە ئایا سیستەمەکە دەتوانێت بە شێوەیەکی سەقامگیر بگەڕێتەوە باری ئاسایی؟

ئەم بابەتە پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆی بە داهاتووی سیستەمی کارەبای کوردستانەوە هەیە. لەگەڵ زیادبوونی وزەی خۆری، سەرچاوە ئینڤێرتەرییەکان و بارە پیشەسازییە گەورەکان، تەنها زانینی کۆی مێگاواتی دامەزراو بەس نییە.

بۆ پڕۆژە گەورە نوێیەکان پێویستە پرسیارێکی جەوهەریتر بکەین:
لەو چەند چرکە هەستیارانەی دوای ڕوودانی فۆڵتێکی گەورەدا سیستەمی کارەبا بە گشتی چۆن ڕەفتار دەکات؟

وەڵامدانەوەی ئەم پرسیارە پێویستی بە مۆدێلێکی وردی تۆڕ و شیکردنەوەی دینامیکی هەیە، بۆ تاقیکردنەوەی سیستەم لە دۆخە جیاوازەکانی کارکردن و سیناریۆکانی ڕوودانی فۆڵت.

ئەم ئەنیمەیشنە مۆدێلی تۆڕی کوردستان نییە، بەڵکو نموونەیەکە لە کارە پیشەسازییەکانم لە بەریتانیا و نیشانی دەدات کە ئەم جۆرە شیکردنەوانە چۆن دەتوانرێت بۆ پڕۆژە گەورەکانی وزەی خۆر، پڕۆژە پیشەسازییەکان و هەڵسەنگاندنی بەستنەوەیان بە تۆڕ بەکاربهێنرێن.

لەگەڵ گۆڕانی سیستەمی کارەبای کوردستان، باوەڕم وایە ئەم جۆرە هەڵسەنگاندنە ڕۆژ بە ڕۆژ گرنگتر دەبێت بۆ دڵنیابوون لەوەی پڕۆژە نوێیەکان بە شێوەیەکی سەلامەت دەبەسترێنەوە بەبێ ئەوەی سەقامگیریی گشتیی سیستەمەکە بخەنە مەترسییەوە.

پێداویستیی جیاکردنەوەی رێکارەکان لە بەستنەوەی سیستەمە سۆلارییەکاندالەگەڵ فراوانبوونی خواست لەسەر بەکارهێنانی وزەی خۆر لە...
22/08/2026

پێداویستیی جیاکردنەوەی رێکارەکان لە بەستنەوەی سیستەمە سۆلارییەکاندا

لەگەڵ فراوانبوونی خواست لەسەر بەکارهێنانی وزەی خۆر لەسەر سەربانی ماڵان و باڵەخانەکان لە کوردستان و عێراقدا، پێویستییەکی بەپەلە بۆ پێداچوونەوە بە میکانزمی بەستنەوەی ئەو سیستەمانە بە تۆڕی کارەبای نیشتمانییەوە دروست بووە.

کێشەی سەرەکی لێرەدا ئەوەیە کە ئایا گونجاوە مامەڵەیەکی یەکگرتوو لەگەڵ سیستەمێکی ٥ کیلۆواتی ماڵان و پڕۆژەیەکی ١٠٠ کیلۆواتی پیشەسازیدا بکرێت؟ وەڵامی زانستی و ئەندازیاری بۆ ئەم پرسیارە نەخێرە.

با بەراوردی دوو حاڵەت بکەین:
۱. سیستەمێکی ٥ کیلۆواتی، بە شێوەیەکی گشتی وەک بەکارهێنەرێکی کەمخەرج سەیر دەکرێت کە کاریگەرییەکی ئەوتۆی لەسەر سەقامگیریی ڤۆڵتیە یان باری سەر تۆڕ نییە.
۲. لە بەرامبەردا، پڕۆژەیەکی ١٠٠ کیلۆواتی دەتوانێت گۆڕانکاریی لەناکاوی تێچوونی کارەبا و ئاستی ڤۆڵتیە لەو گەڕەک یان ناوچە پیشەسازییەدا دروست بکات.
هەردوو سیستەمەکە وزەی خۆر بەکاردەهێنن، بەڵام لە ڕووی کارلێککردنیان لەگەڵ تۆڕی دابەشکردنی کارەبادا، دوو قەبارەی جیاوازی هەژموونن.
بۆیە، پێویستە ڕێکارەکانی بەستنەوە (Connection Process) لەسەر بنەمای هەڵسەنگاندنی مەترسی و کاریگەری لەسەر تۆڕ دابڕێژرێن، نەک شێوازی کارگێڕیی ڕەق و نەگۆڕ.

بۆ ئەوەی سیستەمی دابەشکردنی کارەبا بەهۆی زۆریی داواکارییەکانەوە پەکینەکەوێت، پێشنیاری من ئەویە کە سیستەمە بچووک و ستانداردەکان کە مەرجە تەکنیکییەکانیان تێدایە لە ڕێگەی «ڕێڕەوێکی خێرا»وە کارەکانیان بۆ ڕایی بکرێت. ئەم جۆرە سیستەمانە ئەگەر لەو شوێنانەی تۆڕەکەدا ببەسترێن کە توانای وەرگرتنی وزەیان هەیە، پێویستیان بە وردبوونەوەی ئەندازیاریی درێژخایەن کەمتر ھەیە.
بەڵام سیستەمە گەورەکان، یان ئەوانەی لە شوێنە هەستیارەکانی تۆڕ دەبەسترێن، پێویستە هەڵسەنگاندنێکی ئەندازیاریی وردتریان بۆ بکرێت.

ئەم هەنگاوە سوودی دوو لایەنەی دەبێ:
١. هاووڵاتییان بە خێرایی و بەبێ ڕۆتینی بێزارکەر، مۆڵەتی بەستنەوە وەردەگرن. وکۆمپانیاکانی جێبەجێکار بە مەرجی ڕوونتر کار دەکەن.
٢. تیمی ئەندازیاران کات و توانای مرۆیی خۆیان تەرخان دەکەن بۆ پڕۆژە گەورە و ئاڵۆزەکان کە ئەگەری هەبوونی کاریگەریی نەرێنییان لەسەر تۆڕ زیاترە.

ئامانجی ئەم پێشنیارە لابردنی پشکنینی ئەندازیاری نییە، بەڵکو بۆ ئەوەیە دڵنیا بینەوە کە وزە و کاتی ئەندازیاران لەو شوێنانەدا خەرج دەکرێت کە بەڕاستی پێویستیان بە وردبوونەوەیە. کاتێک ژمارەی داواکارییەکان دەگاتە هەزاران، ئەم بابەتە دەبێتە ئەولەویەت.

بەڵام سەرکەوتنی سیستەمێکی لەم شێوەیە، تەنیا بە کورتکردنەوەی فۆرمەکان نایەتە دی، بەڵکو پێویستمان بە چوارچێوەیەکی بەستنەوەی داڕێژراو هەیە کە پشت بە زانیارییەکانی تۆڕ، پۆلێنکردنی تەکنیکی و مەرجی ڕوون ببەستێت.

ئەگەر سێکتەری کارەبا لە کوردستان خوازیاری ئەوەیە بە ڕووی وزەی پاکدا بکرێتەوە، دەبێت کوالیتیی چوارچێوەی بەستنەوە هاوتای گەشەی ژمارەی پانێڵەکان بێت. دروستکردنی سیستەمێکی زیرەک بۆ وەڵامدانەوەی داواکارییەکان، نەک تەنیا کێشەی ڕۆتین چارەسەر دەکات، بەڵکو سەلامەتی و سەقامگیریی تۆڕی کارەبایش لە ئاستێکی باڵادا دەهێڵێتەوە.

بۆ چەند خولەکێک، مانگ بوو بە بەشێک لە تۆڕی کارەبای ئەورووپا!١٢ی ئاب، لەو کاتەی ملیۆنان کەس لەسەر زەوی چاویان بڕیبووە ئاس...
18/08/2026

بۆ چەند خولەکێک، مانگ بوو بە بەشێک لە تۆڕی کارەبای ئەورووپا!

١٢ی ئاب، لەو کاتەی ملیۆنان کەس لەسەر زەوی چاویان بڕیبووە ئاسمان بۆ بینینی خۆرگیران، بەڕێوەبەرانی تۆڕی کارەبا سەیری شتێکی دیکەیان دەکرد: گرافەکانی بەرهەمهێنانی وزەی خۆر.

کاتێک سێبەری مانگ بەسەر بەریتانیادا تێپەڕی، بەرهەمهێنانی کارەبای خۆری (سۆلار) نزیکەی ٢٠٠٠ مێگاوات دابەزی. بەڵام شۆکی گەورە لە ئیسپانیا بوو؛ لەوێ بەرهەمهێنان لە ١٦،٠٠٠ مێگاواتەوە بۆ تەنیا ٥٠٠ مێگاوات دابەزی. ئەمە گۆڕانکارییەکی زۆر گەورە و کتوپڕ بوو لە ماوەیەکی کەمدا.

بەڵام ئەوەی سەرنجڕاکێشە ئەوەبوو: بۆ بەکارهێنەرانی ئاسایی، هیچ ڕووی نەدا! نە کارەبا بڕا و نە سیستمەکە شڵەژا.

ئەی چۆن تۆڕی کارەبا بەرگەی ئەم شۆکە گەورەیەی گرت؟
لە ڕاستیدا، ئەندازیاران پێشوەختە زانیارییان هەبوو کە کەی و چی ڕوو دەدات. ئەمەش بەهۆی پێشکەوتنی سیستمەکانی پێشبینیکردن بوو کە لەبەردەستی لایەنە پەیوەندیدارەکاندا هەبوو. ئەوان دەیانزانی کەی بەرهەمهێنانی وزەی خۆر دەست بە دابەزین دەکات و کەی دەگەڕێتەوە باری ئاسایی. ئەم زانیارییانە دەرفەتی ئەوەی بە ئەندازیاران دا کە وێستگەکانی دیکە و یەدەگی کارەبا ئامادە بکەن و هاوسەنگیی تۆڕەکە بە سەقامگیری ڕابگرن.

وانەیەک بۆ داهاتووی کارەبا:
ئەم خۆرگیرانە کورتخایەن بوو، بەڵام سیستمەکانی کارەبا لە داهاتوودا زیاتر ڕووبەڕووی ئەم جۆرە گۆڕانکارییە خێرایانە دەبنەوە؛ ئەمەش بەهۆی زیادبوون پشت بەستن بە وزەی خۆر، باترییەکان و ئۆتۆمبێلی کارەبایی. ڕووداوەکەی ١٢ی ئاب وەک تاقیکردنەوەیەکی فشاری پلانبۆداڕێژراو بوو بۆ ئەو سیستەمانەی کە پشت بە وزە نوێبووەوەکان دەبەستن.

ئەمە بۆ کوردستان چی دەگەیەنێت؟
لەگەڵ گەشەکردنی بەکارهێنانی وزەی خۆر لە کوردستان، بابەتەکانی وەک پێشبینیکردنی ورد و پلاندانانی تۆڕی کارەبا بۆ کاتی شڵەژان دەبنە پێشینەی کارەکان. دروستکردنی وێستگەی نوێ تەنیا نیوەی ڕێگاکەیە؛ بەڕێوەبردنی کۆی گشتیی سیستمەکە بە سەلامەتی، دەبێتە گرنگترین ئەرکی ئەندازیارانی کارەبا.

تێبینی: ئەم گرافەی خوارەوە بەرهەمهێنانی کارەبای سۆلار لە بەرامبەر بڕی پێشبینیکراو لە بەریتانیا لە کاتی ئەم ڕووداوەدا نیشان دەدات.

ژیریی دەستکرد و تۆڕی کارەبا: ئەو گۆڕانکارییەی زۆربەی خەڵک هەستی پێ ناکەنجێگەی شانازییەکی گەورەیە کە توێژینەوەکەمان لەسەر...
14/08/2026

ژیریی دەستکرد و تۆڕی کارەبا: ئەو گۆڕانکارییەی زۆربەی خەڵک هەستی پێ ناکەن

جێگەی شانازییەکی گەورەیە کە توێژینەوەکەمان لەسەر داتاسەنتەرەکان و سەقامگیریی تۆڕی کارەبا وەک سەرچاوەیەکی زانستی لە ڕاپۆرتە نوێیەکەی ڕێکخراوی ENTSO-E ئاماژەی پێ کراوە. ڕاپۆرتەکە بە ناونیشانی:
(Data Centres and the Power System: Expected Trends, Challenges and Opportunities) بڵاوکراوەتەوە.

بۆ ئەوانەی لە دەرەوەی ئەم بوارەن؛ ڕێکخراوی ENTSO-E نوێنەرایەتیی هەموو بەڕێوەبەرانی تۆڕی گواستنەوەی کارەبای ئەوروپا دەکات. واتە ئەو لایەنە باڵایانەی بەرپرسن لە ڕاگرتنی هاوسەنگی و سەلامەتیی تۆڕی کارەبای تەواوی کیشوەری ئەوروپا.

بەڵام پرسیارەکە ئەوەیە: بۆچی ئەوروپا بایەخ بە داتاسەنتەرەکانی AI دەدات؟

سەنتەرێکی گەورەی داتای AI تەنیا بینایەک نییە پڕ بێت لە سێرڤەر؛ بەڵکو لۆدێکی زەبەلاحە کە بڕێکی ئێجگار زۆر کارەبا بەکاردەهێنێت. ئەوەی ئەم جۆرە لۆدانە بۆ ئێمەی ئەندازیارانی کارەبا جیاواز دەکات، ئەوەیە کە ڕەفتاریان لە ڕێگەی سۆفتوێرەوە کۆنتڕۆڵ دەکرێت.

ئەرکەکانی AI دەکرێت لە ماوەی چەند چرکەیەکدا دەست پێ بکەن، بوەستێنرێن، یان بگوێزرێنەوە بۆ شوێنێکی تر. ئەگەر چەندین داتاسەنتەر بە کۆمەڵ و بە خێرایی کاردانەوەیان هەبێت، سیستەمی کارەبا ناچار دەبێت لە ماوەی چەند چرکەیەکدا هاوسەنگیی خۆی ڕابگرێتەوە، ئەگەرنا کارەسات دروست دەبێت.

ئەمەش کۆمەڵێک تەحەدیی نوێی هێناوەتە پێش:
• خواست لەسەر کارەبا بە چ خێراییەک دەگۆڕێت؟
• لە کاتی شڵەژانی ڤۆڵتیە یان فریکوێنسیدا چی ڕوودەدات؟
• ئایا دەکرێت ئەم گۆڕانکارییە خێرایە وەک نەرمیی (Flexibility) یان هەلێک بۆ پشتگیریکردنی تۆڕی کارەبا بەکاربهێنرێت؟

ئەمانە ئەو خاڵە وردانەن کە ئێمە لە توێژینەوەکانماندا کارمان لەسەر کردووە. بینینی ئەوەی کە ئەم بابەتانە ئێستا بوونەتە بەشێک لە گفتوگۆ ستراتیژییەکانی ئەوروپا، جێگەی دڵخۆشییە.

ڕەنگە ئێستا لە کوردستان داتاسەنتەری ئەوەندە زەبەلاحمان نەبێت، بەڵام ئەگەر بمانەوێت لە ئایندەدا وەبەرهێنانی پیشەسازییە دیجیتاڵییەکان ڕابکێشین، دەبێت ژێرخانی کارەبا لە ناوەندی پلانەکانماندا بێت.

سەنتەری داتا تەنیا بەکارهێنەری کارەبا نییە، بەڵکو لە قەبارەیەکی گەورەدا، دەبێتە بەشێکی ئاڵۆز لە هاوکێشەی پلاندانان بۆ ئاسایشی وزە.

بۆ خوێندنەوەی توێژینەوەکەمان:
https://pure.manchester.ac.uk/ws/portalfiles/portal/1498044268/ssrn-5370875.pdf

بۆ خوێندنەوەی ڕاپۆرتە فەرمییەکەی ENTSO-E:
https://eepublicdownloads.blob.core.windows.net/public-cdn-container/clean-documents/Reports/2026/ENTSO-E_Data_Centres_260520.pdf

دابینکردنی غاز لە کۆرمۆرەوە بۆ کەرکووک؛ خوێندنەوەیەکی تەکنیکی بۆ ئاسایشی کارەبای کوردستاندابینکردنی بڕی ١٠٠ ملیۆن پێ سێج...
10/08/2026

دابینکردنی غاز لە کۆرمۆرەوە بۆ کەرکووک؛ خوێندنەوەیەکی تەکنیکی بۆ ئاسایشی کارەبای کوردستان

دابینکردنی بڕی ١٠٠ ملیۆن پێ سێجا غازی ڕۆژانە لە کێڵگەی کۆرمۆرەوە بۆ وێستگەی کارەبای تازە لە کەرکووک، دەرهاویشتەی گرنگی بۆ ژێرخانی وزەی هەرێمی کوردستان لێ دەکەوێتەوە. سەرەڕای کێشە سیاسی و یاساییەکان سەبارەت بەو ڕێککەوتنە، پێویستە لە ڕوانگەیەکی تەکنیکییەوە و بە وردی لە کاریگەرییەکانی ئەم بڕیارە لەسەر توانای سیستەمی کارەبا بکۆڵینەوە.

کێڵگەی کۆرمۆر بە پشتبەستن بە ئامارەکانی کۆمپانیای دانەغاز، دابینکەری سەرەکی سووتەمەنی بۆ وێستگەکانی کارەبا لە هەولێر، چەمچەماڵ و بازیانە. ئەم کێڵگەیە زیاتر لە ٧٥٪ی توانای بەرهەمهێنانی کارەبای هەرێمی کوردستان دابین دەکات، کە ئەمەش نیشاندەری هەستیاری و گرنگیی ستراتیژیی ئەم سەرچاوەیە لە ناو سیستەمی کارەبای هەرێمدا.

کاتێک بەشێکی بەرچاو لە سەرچاوەی وزە لە سیستەمێکەوە بۆ شوێنێکی تر دەگوازرێتەوە، پرسیارێکی سەرەکی دێتە پێشەوە: چەند لە توانای بەرهەمهێنانی جێپێبەستراو بۆ ناوخۆی هەرێم دەمێنێتەوە؟

مەبەست لەم پێوەرە، ئەو بڕە کارەبایەیە (بە مێگاوات) کە دەتوانین لە کاتی لۆدی بەرز و ڕووداوە چاوەڕواننەکراوەکاندا، بە شێوەیەکی مسۆگەر پشتی پێ ببەستین. سیستەمێک ڕەنگە لە دۆخی ئاساییدا بە بێ کێشە کار بکات، بەڵام لە کاتی پەککەوتنی سەرچاوەیەکی سەرەکی سووتەمەنی یان ڕوودانی تێکچوونێکی تەکنیکی لە تۆڕەکەدا، ڕەنگە ڕێژەی یەدەگی ئاسایشی بۆ ئاستێکی مەترسیدار دابەزێت.

بۆ تێگەیشتن لە دۆخی ڕاستەقینەی کارەبا، پێویستە تێکڕای ڕێژەی یەدەگی بەرهەمهێنانی جێپێبەستراو لەژێر ڕەوشی بەرزترین ئاستی خواست و ڕووداوە لەناکاوە گەورەکاندا بە ڕوونی دیاری بکرێت. ئەم ژمارەیە پێوەرێکی گرنگە بۆ ئەوەی بزانین ئایا سیستەمی کارەبای هەرێم، لە کاتی قەیرانە تەکنیکییەکاندا، هێشتا مەودای هەناسەدانی بەشی دەکات یان تووشی پەککەوتنی بەرنامە بۆ نەکراو دەبێت.

گفتوگۆ لەسەر گواستنەوەی غاز لە کۆرمۆرەوە تەنها بابەتێکی کارگێڕیی یان سیاسی نییە، بەڵکو پرسیارێکی چارەنووسسازی تەکنیکییە. هەر بڕیارێکی ئەم جۆرە پێویستی بە پلانڕێژییەکی ورد هەیە تاوەکو ئاسایشی وزەی ناوخۆ بە تەواوی مسۆگەر بکرێت و سیستەمەکە لە ڕووداوە نەخوازراوەکان بەدوور بێت. ئەوەی گرنگە، نەک تەنها دابینکردنی غاز، بەڵکو پاراستنی سەقامگیریی سیستەمەکەیە لە کاتی لۆدی بەرزدا.

خۆڕاگریی سیستەمی کارەبا؛ وانەیەک لە پچڕانەکانی ئەم دواییەلە کاتێکدا پچڕانی کارەبا لە کوردستان ڕوودەدات، زۆربەی خەڵک پرسی...
04/08/2026

خۆڕاگریی سیستەمی کارەبا؛ وانەیەک لە پچڕانەکانی ئەم دواییە

لە کاتێکدا پچڕانی کارەبا لە کوردستان ڕوودەدات، زۆربەی خەڵک پرسیار لەسەر هۆکارە ڕاستەوخۆکە دەکەن و تەنیا لە ڕوانگەی وێستگەیەکی بەرهەمهێنانەوە سەیری بابەتەکە دەکەن. بەڵام ڕاستییەکە ئەوەیە کە کێشەکە زۆر قووڵترە؛ ئەم پچڕانانە وانەیەکی گرنگیان بە ئێمە داوە کە پەیوەندیی توندی نێوان سەرچاوەی سووتەمەنی وبەرهەمهێنانی کارەبایە.

ئێستا سیستەمی کارەبای کوردستان و سیستەمی غاز بەتەواوی لە یەکترەوە ئاڵۆزاون. کاتێک چەند وێستگەیەکی زەبەلاحی بەرهەمهێنان تەنیا پشت بە یەک هێڵ یان سەرچاوەی دابینکردنی غاز دەبەستن، هەر کێشەیەک لەو سەرچاوەیەدا، وەک کارلێکێکی زنجیرەیی، دەبێتە هۆی لەکارکەوتنی تەواوی یەکەکان لە یەک کاتدا.
لێرەوە ئەندازیاران گرنگە جیاوازییەکی بنەڕەتی لەنێوان دوو چەمکدا بکەن:

١. توانای دامەزراوەیی: بریتییە لەو بڕە کارەبایەی کە هەموو وێستگەکان بە کۆی گشتی دەتوانن بەرهەمی بهێنن، ئەگەر هەموو شتێک بەوپەڕی توانای خۆی کار بکات.
٢. توانای بەردەست: بریتییە لەو بڕە کارەبایەی کە لە کاتی تەنگانەدا بە کردەیی لەبەردەستدایە.

زۆرجار وڵاتێک خاوەنی هەزاران مێگاوات توانای دامەزراوەییە، بەڵام لە ساتەوەختی قەیراندا، کاتێک سیستەمەکە لەوپەڕی پێویستیدایە، ئەو توانایە تەنیا ژمارەیەکی سەر کاغەزە و ناتوانرێت سوودی لێ ببینرێت.

ئەمە یەکێکە لە بنەماکانی خۆڕاگریی سیستەمی هێز. ئێمە وەک ئەندازیار زۆرجار تەرکیزمان لەسەر بنیاتنانی توانای بەرهەمهێنانی زیاترە، بەڵام خۆڕاگری پرسیارێکی جیاواز دەورووژێنێت: ئایا سیستەمەکە دەتوانێت لە بەرامبەر پەککەوتنی بەشێکی گرنگی زنجیرەی وزەدا خۆی ڕاگرێت؟

بۆ بەرەوپێشبردنی کەرتی کارەبای کوردستان و گەیاندنی بە ئاستێکی مۆدێرن، پێویستە ئەم ڕێڕەوانە بگرینە بەر:
١ـ هەمەجۆرکردنی سەرچاوەکانی سووتەمەنی.
٢ـ خۆڕاگریی تۆڕی کارەبا.
٣ـ کۆگاکردنی وزە.
٤ـ بەهێزکردنی هێڵە نێودەوڵەتییەکان.
٥ـ کەمکردنەوەی ئەو خاڵانەی کە پەککەوتنیان دەبێتە هۆی پەککەوتنی گشتی.

هێزی هەر سیستەمێکی کارەبا تەنیا بەو بڕە وزەیە ناپێورێت کە لە دۆخی ئاساییدا بەرهەمی دەهێنێت، بەڵکو بەو خۆڕاگرییە دەپێورێت کە لە کاتی ڕووداوە چاوەڕواننەکراوەکاندا نیشانی دەدات. مۆدێرنکردنی کەرتی کارەبا لە کوردستان، پێش ئەوەی پێویستی بە ژمارەی زیاتری وێستگە بێت، پێویستی بە تێڕوانینێکی ئەندازیاریی فراوانترە بۆ پاراستنی بەردەوامیی وزە.

یەکێک لە گەورەترین هەڵتێگەیشتنەکان کە تا ئێستاش دەبیسترێت، ئەمەیە: ئەمە فیدەرێکی ١١ کیلۆڤۆڵتییە، کەواتە دەتوانێت (X) مێگ...
27/07/2026

یەکێک لە گەورەترین هەڵتێگەیشتنەکان کە تا ئێستاش دەبیسترێت، ئەمەیە:
ئەمە فیدەرێکی ١١ کیلۆڤۆڵتییە، کەواتە دەتوانێت (X) مێگاوات وێستگەی سۆلار لەخۆ بگرێت.

بەڵام ئاستی ڤۆڵتییە بە تەنیا وەڵامی ئەو پرسیارە ناداتەوە. ڕەنگە دوو فیدەر لەسەر هەمان ئاستی ڤۆڵتییە کار بکەن، بەڵام سنووری تواناکانیان تەواو جیاواز بێت؛ یەکێکیان دەتوانێت بەبێ کێشە بڕێکی زۆر لە وزەی سۆلار وەربگرێت، بەڵام ئەوی تریان زۆر زووتر تووشی کێشەی ڤۆڵتییە، بارزۆریی گەرمی، یان گرفتی سیستەمی پاراستن دەبێت.

بۆچی؟
چونکە سنووری توانای فیدەری کارەبا بەندە بە تایبەتمەندییەکانی خودی فیدەرەکەوە، وەک:
١ـ درێژی فیدەرەکە.
٢ـ قەبارەی وایەر و کێبڵەکان.
٣ـ باری کارەبایی (لۆد) پێش سۆلارەکان.
٤ـ توانای ترانسفۆرمەرەکان.
٥ـ پڕۆفایل وشێوازی ڤۆڵتییە.
٦ـ ڕێکخستنەکانی سیستەمی پاراستن.
٧ـ ئەو شوێنەی کە سۆلارەکەی لێ دەبەسترێتەوە.

ئاستی ڤۆڵتییە تەنیا پۆلینی تۆڕەکەمان بۆ دەکات، بەڵام پێمان ناڵێت بەدیاریکراوی ئەو فیدەرە تا چەند دەتوانێت بەبێ کێشە وزەی خۆر لەخۆ بگرێت.
لە ڕووی کردەیییەوە، ئەمە پێویستی بە شیکاریی وردی تۆڕ هەیە. ئەو سنوورەی کە لە ئەنجامی ئەم شیکارییە بەدەست دێت، پێی دەوترێت: توانای لەخۆگرتنی فیدەر (Feeder’s Hosting Capacity).

لەگەڵ زیادبوونی سیستەمی سۆلار لە کوردستان، پرسیارێکی زۆر گرنگ بۆ ئەندازیاران ئەمەیە: ئەو فیدەرانەی سۆلاریان پێوە دەبەسترێت تا چەند توانای لەخۆگرتنی سۆلاریان بە سەلامەتی هەیە؟

توانای لەخۆگرتن بۆ هەموو فیدەرێکی ١١ کیلۆڤۆڵتی ژمارەیەکی جێگیر نییە.

زۆرێک لە ئەندازیاران تووشی سەرسووڕمان ئەبن کاتێک ئەمەیان پێ ئەڵێم: عێراق لە ڕاستیدا ڕێسای بەستنەوەی وزەی خۆر بە تۆڕی نیش...
05/07/2026

زۆرێک لە ئەندازیاران تووشی سەرسووڕمان ئەبن کاتێک ئەمەیان پێ ئەڵێم:
عێراق لە ڕاستیدا ڕێسای بەستنەوەی وزەی خۆر بە تۆڕی نیشتمانییەوە (PV Solar Grid Connection Code) هەیە.

بەڵام پرسیاری گرنگ ئەوە نییە ئایا ئەم ڕێسایە بوونی هەیە یان نا، بەڵکو ئەوەیە ئایا لەگەڵ گەشەکردنی بەردەوامی پڕۆژەکانی وزەی خۆردا، بە دروستی جێبەجێی ئەکەین؟

ئێستا لە یەکەمین کورتەبڵاوکراوەی کاناڵەکەمدا (Power Systems Brief #001) بە وردی ڕوونکردنەوەم لەسەر ئەم بابەتانە داوە:

• ڕێسای تۆڕ (Grid Code) چییە؟
• بۆچی گرنگە؟
• ئەو مەرجە تەکنیکییانەی پێویستە ئەندازیاران بیزانن کامانەن؟
• ئەو پرسیارانەی پێویستە لە ساڵی ٢٠٢٦دا بیخەینە ڕوو.

دەتوانن دەقی تەواوی بابەتەکە لە کاناڵی تێلیگرامەکەم ببینن:

UK-based Power Systems Consultant, Advisor & Researcher. Dr. Dlzar Al Kez (PhD, CEng, MIET, FHEA). Technical briefs, EMT/RMS insights, and IBR/grid stability analysis focused on Iraq/KRG. Connect on LinkedIn: https://linkedin.com/in/dlzar-al-kez-b2215149

کۆسپە تەکنیکی و یاساییە شاراوەکانی بەردەم پێشکەوتنی وزەی خۆر لە کوردستانکوردستان بەو هەڵکەوتە جوگرافییەی هەیەتی و ئەو ڕێ...
30/06/2026

کۆسپە تەکنیکی و یاساییە شاراوەکانی بەردەم پێشکەوتنی وزەی خۆر لە کوردستان

کوردستان بەو هەڵکەوتە جوگرافییەی هەیەتی و ئەو ڕێژە تیشکی خۆرەی لە زۆربەی وەرزەکانی ساڵدا بەری دەکەوێت، لە قۆناغێکی چارەنووسسازدایە بۆ گواستنەوە بەرەو وزە پاکەکان.

تێڕوانین بۆ وزەی خۆر چیتر تەنیا ئارەزوویەکی تاکەکەسی یان دەستپێشخەرییەکی بچووک نییە، بەڵکو بووەتە پێویستییەکی ستراتیژی بۆ کەمکردنەوەی بارگرانی لەسەر کەرتی کارەبای نیشتمانی.

بەڵام لە پشتی ئەم ڕەوتە خێرایەوە، کۆمەڵێک کێشەی تەکنیکی و بۆشایی یاسایی خۆیان حەشار داوە کە ئەگەر بە وردی و زانستیانە چارەسەر نەکرێن، ڕەنگە لە داهاتوودا ببنە ڕێگر لە بەردەم گەشەسەندنی بەردەوامدا.

کاتێک سیستەمێکی وزەی خۆر بە تۆڕی کارەبای گشتیدا دەلکێندرێت، تەنیا مەسەلەی پێدانی وزە نییە، بەڵکو دەبێت تۆڕەکە خۆی لەگەڵ ئەو وزە نوێیەی دێتە ناوی ڕابێنێت. لەم ڕووەوە دوو گرفتی بنەڕەتی دێنە پێشەوە؛ وەکوو هەڵکشانی ناڕێکی ڤۆڵتیە و ناچالاکبونی سیستەمی پاراستن.

لە هەموویان مەترسیدارتر، نەبوونی دەستوورێکی هونەری یان ڕێسای بەستنەوەی تۆڕی کارەبا (گرید کۆد - Grid Code)ـە. ئێمە لەبەردەم بۆشاییەکی یاسایی گەورەداین؛ یاسایەک کە دیاری بکات هەر سیستەمێکی خۆر چۆن و بە چ پێوەرێک دەبێت بە تۆڕی گشتییەوە ببەسترێتەوە. بەبێ ئەم ڕێسایانە، هەر پڕۆژەیەک دەبێتە دوورگەیەکی دابڕاو کە بە ئارەزووی خۆی وزە دەردەداتە ناو تۆڕەکەوە، بێ ئەوەی لێپرسینەوە یان ڕێسایەکی هاوبەش هەبێت بۆ پاراستنی سەقامگیریی کۆی گشتیی سیستەمەکە.

بۆ وردەکاریی زیاتر و بەدواداچوونی ئەم پرسە هەستیارە، دەتوانن لە ڕێگەی کەناڵی تێلیگرامەکەمەوە، شیکارییە تەکنیکییەکان و پێشنیارەکان ببینن:

UK-based Power Systems Consultant, Advisor & Researcher. Dr. Dlzar Al Kez (PhD, CEng, MIET, FHEA). Technical briefs, EMT/RMS insights, and IBR/grid stability analysis focused on Iraq/KRG. Connect on LinkedIn: https://linkedin.com/in/dlzar-al-kez-b2215149

Address

Manchester

Alerts

Be the first to know and let us send you an email when Dr. Dlzar Al Kez - د. دڵزار محمد مەجید posts news and promotions. Your email address will not be used for any other purpose, and you can unsubscribe at any time.

Contact The Business

Send a message to Dr. Dlzar Al Kez - د. دڵزار محمد مەجید:

Shortcuts

Share