01/08/2026
بەناوی خوای گەورە و میهرەبان
"إِنَّمَا يُوَفَّى الصَّابِرُونَ أَجْرَهُم بِغَيْرِ حِسَابٍ"
صدق الله العظیم
سوپاسنامە
دوای ئەوەی ڕۆژی ٣٠ی تەممووزی ٢٠٢٦، ئاگرێکی کتوپڕ بۆ ماوەی (9)کاتژمێر، بەرۆکی کۆگاکانی کۆمپانیاکەمانی گرت و سروشت بە نالەبارییەکەی بووە هاوکاری بڵێسەکان، ئێمە لەبەردەم تاقیکردنەوەیەکی گەورەی بووندا بووین،بەڵام ئەوەی لەو کاتژمێرە تاریکانەدا بینیمان، لە ئاگرەکە بەهێزتر و لە دوکەڵەکە بڵندتر بوو؛ ئەویش هەرەوەزی ویژدان و سۆزی مرۆیی ئێوە بوو.
ئێمە وەک کۆمپانیای ڤارا، لەو بڕوایەداین کە سەروەت و سامان هەرچەندە گەورە بێت، تەنها ئامرازێکە بۆ خزمەت، بەڵام ڕۆح و گیانی مرۆڤ ئەو سەرمایە هەمیشەییە، جێگەی نابێتەوە. بۆیە دەڵێن ئاگرەکە ڕەنگە دیوار و کاڵا و ئامێرەکانی سووتاندبێت، بەڵام نەیتوانی ئەو پردە ڕۆحییە بڕوخێنێت کە ئێمە بە ئێوەوە دەبەستێتەوە. بۆ ئێمە، سەلامەتی یەک مرۆڤ، دۆستێك، کارمەندێك، لە هەموو کۆگاکانی دونیا بەنرخترە.
بەم بۆنەیەوە، بەوپەڕی شکۆ و وەفادارییەوە، سوپاسی بێپایانی خۆمان ئاڕاستەی ئەم لایەنانەی خوارەوە دەکەین:
✓ بەڕێز پارێزگاری هەولێر: بۆ سەرپەرشتی و خەمخۆرییەكەیان، کە وەک چەترێکی دڵنیایی وابوو لە کاتی تەنگانەدا.
✓ بەڕێوەبەری ئاسایشی هەولێر و تیمەکانی: بۆ پاراستنی ئارامی و ڕێکخستنی مەیدانەکە کە متمانەی بە هەمووان دەبەخشییەوە.
✓ بەڕێوەبەرایەتی بەرگری شارستانی هەولێر: بۆ ئێوەی قارەمان، کە لە دڵی ئاگرەکەدا مێژوویەکی دیکەتان لە فیداکاری و گیانفیدایی نووسیوە.
✓ هێزەکانی زێرەڤانی: بۆ بوونی شکۆدارانەتان وەک قەڵغانێکی بەهێز بۆ پشتیوانی و هاوکاری.
✓ پۆلیسی هەولێر: بۆ ماندووبوونی بێپایانتان لە پاراستنی سەروماڵی هاوڵاتیان و ڕێکخستنی بارودۆخەکە.
✓ هاتوچۆی هەولێر: بۆ ئاسانکاری و ڕەخساندنی ڕێڕەوی هانا، کە وەک دەماری زیندووی شار لەو ساتەدا کارتان دەکرد.
✓ قایمقامییەتی قەزای قوشتەپە: بۆ هەماهەنگی ورد و خەمخۆرییە بەردەوامەکەتان وەک ماڵی یەکەمی ناوچەکە.
✓ کۆمپانیای گەلیاوە گروپ: بۆ نواندنی بەرزترین ئاستی هاوکاری پیشەیی و نیشتمانی لە کاتی تەنگانەدا.
✓ گشت پێشانگاکانی ئامێرە قورسەکانی هەولێر: بۆ پشتیوانییە تەکنیکی و مەیدانییەکانتان، کە بوونە هێزێکی گەورە بۆ کۆنترۆڵکردنی ئاگرەکە.
✓ خەڵکی هەولێر و دەورووبەری: بۆ ئەو سۆز و نزا و پشتیوانییە مەعنەوییەی، کە وزەی بەردەوامی پێبەخشین.
✓ خەڵکی قەزای قوشتەپە و گوندەکانی دەورووبەری: بۆ جوامێری و هەڵوێستی دراوسێیەتیتان کە لە ساتە یەکەمی کارەساتەکەوە لەگەڵمان بوون.
✓ خزمان، هاوڕێیان و دۆستانی ناسراو و نەناسراو: بۆ هەر پەیوەندییەک، نامەیەک یان کۆمێنتێکی پڕ لە پەرۆشی کە برینەکانی ئێمەی سارێژ کرد.
✓ کارمەندانی خۆشەویستی کۆمپانیای ڤارا: ئێوە بە دڵسۆزییەکەتان لەو (9) کاتژمێرەدا سەلماندتان کە (ڤارا) تەنها شوێنی کار نییە، بەڵکو خێزانێکی یەکگرتووە. بۆیە بێ دوو دڵی پێتان دەڵێن ئێوە ڕۆحی ئەم كۆمپانیایەن.
فەیلەسوفەکان دەڵێن: "مرۆڤ لەناو ئازاردا خۆی دەناسێتەوە"، ئێمەش دوێنێ لەناو ئەو ئازارەدا، گەورەیی ئێوەمان ناسییەوە. داواکارین لە یەزدانی مەزن پاداشتی ئەم هەموو چاکە و پەرۆشییەتان بداتەوە و هەمووان لە هەموو بەڵایەک بپارێزێت. بەڵێنیتان پێ دەدەین ئێمە بەردەوام دەبین، چونکە بە بوونی ئێوەوە سەرمایەی ڕاستەقینەمان لەدەست نەداوە.
لەگەڵ ڕێز و پێزانینمان
كۆمپانیای ڤارا
١ی ئاب ٢٠٢٦